پاشقول له‌مارادۆنا ده‌گیرێت
2/2/2010
دیگۆ مارادۆنای ئه‌فسانه‌ی پێشووی ئه‌رجه‌نتین‌و راهێنه‌ری ئێستای هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن یه‌كێتی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌یه‌وه پاشقولی لێده‌گیرێت‌و پلانی ئه‌وه‌ی له‌دژ ده‌گێرددرێت كه له‌ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین دووربخرێته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی سایتی ئینفۆ به‌یی ئه‌رجه‌نتینی، یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته ژێربه‌ژێو به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی پلانی ئه‌وه‌ی داڕشتووه دیگۆ مارادۆنا له‌پۆسته‌كه‌ی دووبخاته‌وه‌و له‌جێی ئه‌و راهێنه‌رێكی نوێ ده‌ستنیشانبكات تا ئه‌رجه‌نتین له‌قه‌یرانی ئاستنزمی رزگاربكات‌و بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئاست‌و توانای جارانی.
له‌راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه هاتووه كه یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینی نایه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ دیگۆ مارادۆنا له‌پۆسته‌كه‌ی دووربخاته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی پاراستنی كه‌سێتی ئه‌و راهێنه‌ره‌و نه‌وروژاندنی رای گشتی، بۆیه یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته ده‌یه‌وێت به‌پلانێك مارادۆنا له‌كۆڵ خۆی بكاته‌وه‌و هه‌ڵبژارده‌كه له‌و قه‌یرانه ده‌ربكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌چاودێرانی وه‌رزشی پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد مارادۆنا ئه‌رجه‌نتین بگه‌یه‌نێته لوتكه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌می یاریكردنی، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و وڵاته له‌لوتكه‌دا جێگیربكات‌و هه‌یبت‌و سام‌و شكۆی ئه‌رجه‌نتین بگێڕێته‌وه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه له‌مارادۆنا به‌دینه‌كراو ئه‌رجه‌نتین هێنده‌ی تر به‌ناخی زه‌ویدا رۆشت كه مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت ئه‌م مۆندیاله‌ش نه‌توانێت ئاشنای نازناوه‌كه بێته‌وه.
مارادۆنا كه به‌هه‌مان شێوه‌ی پیكنپاوه‌ری ئه‌ڵمانی ده‌یویست مێژوویه‌كی گه‌ش بۆخۆی دروستبكات‌و جارێكی تر ئه‌رجه‌نتین بگه‌ینێته‌وه لوتكه، هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌رده‌می یاریكردنیدا بۆ ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه ئه‌وه‌ی كرد، به‌ڵام كه‌م ئه‌زمونی‌و نه‌بوونی شاره‌زایی له‌راهێناندا بووه رێگری سه‌ره‌كی له‌مارادۆنا كه بتوانێت جارێكی تر مێژوو دوباره بكاته‌وه، له‌كاتێكدا ئێستا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌رێكی نزیكه.
مارادۆنا به‌وه‌رگرتنی پۆستی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین كه‌وته هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژووییه‌وه‌و زیانێكی گه‌وره‌ی له‌كه‌سایه‌تی خۆیدا له نێو هانده‌ران‌و جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كه‌ی، هه‌ربۆیه ئێستا له‌نێو جه‌ماوه‌ردا ئه‌و كه‌سایه‌تی‌و شكۆ‌و گه‌وره‌ییه‌ی نه‌ماوه كه‌پێشتر به‌هۆی ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ ئه‌رجه‌نتین هه‌یبوو، به‌رده‌یه‌ك مارادۆنا هێنده گه‌وره‌بوو پارستگایه‌كی تایبه‌تی بۆ كرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن چه‌ند هاوڵاتیه‌كه‌وه به‌خودای ئه‌رجه‌نتین له‌قه‌ڵه‌م ده‌دراو په‌رستشی بۆ ده‌كرا.
یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینی پاش ئه‌وه‌ی هه‌ستیكرد ئاست‌و ئه‌زموونی مارادۆنا وه‌ك پێویست نیه‌و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پێشنبینه ده‌رچوو كه چاوه‌ڕێ ده‌كرا ئه‌رجه‌نتین له‌قه‌یران رزگاربكات، بۆیه به‌ناچاری په‌نای برده به‌ر دامه‌زراندنی یاریده‌ده‌ر تا له‌ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هاوكاری مارادۆنا بكات، كه ئه‌ویش بریتی بوو له بیلاردۆی راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌كه.
ئه‌گه‌چی زۆرێك له‌چاودێرانی وه‌رزشی‌و پسپۆڕانی ئه‌و بواره وای بۆ ده‌چن كه دانانی بیلاردۆ وه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر له‌پاڵ دیگۆ مارادۆنا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینه، به‌ڵام یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له‌مارادۆنا ئه‌و كاره‌ی كردووه‌و ده‌یه‌وێت له‌سه‌رخۆ پۆستی راهێنه‌رایه‌تی له‌و راهێنه‌ر وه‌ربگرێته‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ریكاردۆ لافۆلبی راهێنه‌ری پێشووی یانه‌ی بۆكاجۆنیۆرزی ئه‌رجه‌نتینی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه بوونی بیلاردو له‌پاڵ مارادۆنا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه له‌لایه‌ن یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینه‌وه ئه‌نجامدراوه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه به‌هۆی بۆچوونی جیاوازی هه‌ردوو راهێنه‌ر، هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین دوچاری كێشه‌بووه‌و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه پێشبینی ده‌كرا كێشه‌كانی ئه‌رجه‌نتین چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ره‌و ئاقارێكی تر رۆشت كه مه‌ترسی گه‌وره‌تر چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.
له‌راپۆرته‌كه‌ی سایتی ئینفۆ به‌ی ئه‌رجه‌نتینیدا ئه‌وه هاتووه كه یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینی ده‌یه‌وێت به‌لادانی ئه‌لیساندرۆ مانكۆسۆی یاریده‌ده‌ری دووه‌می مارادۆنا، پۆستی راهێنه‌رایه‌تی له مارادۆنا وه‌ربگرێته‌وه‌و له‌جێی ئه‌و راهێنه‌رێكی نوێ ده‌ستنیشانبكات.
له‌راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه هاتووه كه یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینی هه‌ست به‌وه ده‌كات مارادۆنا ناتوانێت بێ مانكۆسۆ له‌ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی به‌رده‌وامبێت، بۆیه ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ئه‌و پیلانه‌وه مانكۆسۆ دووربخاته‌وه‌و به‌هێمنی‌و بێ هیچ فشارێك ده‌ست به مارادۆنا بكێشێته‌وه، ئه‌ویش له‌پێناوی پاراستنی كه‌سێتی مارادۆناو نه‌جوڵانی رای گشتی‌و شه‌قامی ئه‌رجه‌نتینی.
|
|
|
|
|
 |
|
|
|
|
|
|
 |
|
|
|